<$BlogMetaData$> زاگرۆس
        email: kosalan84@gmail.com ـ tel:00964 750 1205229
۱۳۸۸ فروردین ۲۲, شنبه
ئه‌نوه‌ر حوسێن په‌ناهی‌ داوای‌ یارمه‌تی‌ له‌ سكرتێری‌ گشتیی‌ رێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان كرد

به‌ندكراوی‌ سیاسیی‌ كورد، ئه‌نوه‌ر حوسێن په‌ناهی‌، رێكه‌وتی‌ 20ی‌ خاكه‌لێوه‌ی‌ 1388، نامه‌یه‌كی‌ بۆ بان كی‌ موون، سكرتێری‌ گشتیی‌ رێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان نووسی‌. ناوبراو كه‌ به‌ ئێعدام مه‌حكووم كراوه‌ له‌و نامه‌یه‌دا داوای‌ له‌ سكرتێری‌ ئه‌و رێكخراوه‌یه‌ كردووه‌ كه‌ یارمه‌تی‌ بدات.
ئه‌نوه‌ر حوسێن په‌ناهی‌ له‌ نامه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی‌ به‌ چۆنیه‌تیی ده‌ستبه‌سه‌ربوونی‌ له‌ لایه‌ن هێزه‌كانی‌ رێژیمه‌وه‌ له‌ شاری‌ قوروه‌دا‌و ئازارو ئه‌شكه‌نجه‌دانی‌ دڕندانه‌ی‌ له‌ ژووری‌ تاكه‌كه‌سیدا كردووه‌.ناوبراو كه‌ وتوویه‌ به‌ پێوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ‌ حیزبه‌ كوردستانییه‌ دژبه‌ره‌كانی‌ رێژیمدا تۆمه‌تبار كراوه‌، له‌ نامه‌كه‌یدا ئه‌و تۆمه‌ته‌ی‌ بێ‌بنه‌ما‌و ناڕاست له‌ قه‌ڵه‌م دا‌و نووسیویه‌ كه‌ سه‌ره‌ڕای‌ دژوارترین ئه‌شكه‌نجه‌كان ئه‌و تۆمه‌ته‌ی‌ ره‌ت كردۆته‌وه‌‌و به‌رده‌وام پێداگری‌ له‌سه‌ر بێتاوانبوونی‌ خۆی‌ كردووه‌.
ئه‌نوه‌ر حوسێن په‌ناهی‌ له‌ به‌شێكی‌ دیكه‌ی‌ نامه‌كه‌یدا ده‌ڵێت كه‌ له‌ به‌ندیخانه‌ی‌ قوروه‌دا داوای‌ روونكردنه‌وه‌ی‌ چاره‌نووس‌و ده‌ركردنی‌ حوكمی‌ ئازادیی‌ خۆی‌ كردووه‌، به‌ڵام به‌رپرسانی‌ دادوه‌ریی‌ پێوه‌ندیدار هیچ سه‌رنجێكیان به‌ داواكه‌ی‌ نه‌دا‌و به‌و بۆنه‌وه‌ ناوبراو مانی‌ له‌ خواردن گرت.ناوبراو كه‌ مافی‌ كه‌ڵكوه‌رگرتن له‌ پارێزه‌ری‌ نه‌بووه‌ له‌ لقی‌ یه‌كی‌ دادگای‌ شۆڕشی‌ سنه‌دا به‌ حوكمی‌ ئێعدام مه‌حكووم كراوه‌.
ئه‌نوه‌ر حوسێن په‌ناهی‌ له‌ به‌شێكی‌ دیكه‌ی‌ نامه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی‌ به‌ مه‌رگی‌ گوماناویی‌ براكه‌ی‌، ئه‌شره‌ف حوسێن په‌ناهی‌ ده‌كات كه‌ ته‌نیا كه‌سێك بوو به‌دواداچوونی‌ ره‌وشی‌ ناوبراوی‌ ده‌كرد. هه‌روه‌ها ناوبراو ئاماژه‌ به‌ مانگرتنی‌ 45 رۆژه‌ی‌ له‌ به‌ندیخانه‌ی‌ ناوه‌ندیی‌ سنه‌دا ده‌كات كه‌ به‌هۆی‌ ناڕه‌زایه‌تیی‌ ده‌ربڕین له‌ هه‌ڵاواردنه‌كان‌و بارودۆخی‌ خراپی‌ سیستمی‌ دادوه‌ریی‌ ئێران بوو.
ئه‌نوه‌ر حوسێن په‌ناهی‌ له‌ كۆتایی‌ نامه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی‌ به‌ ده‌روه‌ست نه‌بوونی‌ رێژیمی‌ ئێران به‌ به‌ڵێنییه‌كانی‌ یاسا نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كان‌و راگه‌یه‌ندراوی‌ جیهانیی‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤی‌ رێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان كردووه‌ كه‌ ئێران خۆیشی‌ ئه‌و به‌ڵێنییانه‌ی‌ قه‌بووڵ‌ كردووه‌. هه‌روه‌ها ناوبراو داوا له‌ رێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان‌و سكرتێری‌ ئه‌و رێكخراوه‌یه‌ كردووه‌ كه‌ یارمه‌تی‌ بده‌ن‌و ده‌ڵێت بێ‌گومان یارمه‌تیی‌ ئه‌و رێكخراوه‌یه‌ ده‌بێته‌ هۆی‌ زیاتربوونی‌ بایه‌خ‌و پرستیژی‌ رێكخراوه‌كه‌وه‌.

Copyright 2007 ©  by ZAGROS .all rights reserved