<$BlogMetaData$> زاگرۆس
        email: kosalan84@gmail.com ـ tel:00964 750 1205229
۱۳۸۸ فروردین ۳۱, دوشنبه
بار‌ودۆخی‌ جه‌سته‌یی‌ قاله‌مه‌ڕه‌ خراپه‌

بار‌ودۆخی‌ جه‌سته‌یی‌ قاله‌مه‌ڕه‌ خراپه‌
هونه‌رمه‌ندی‌ ناسراوی‌ كورد، قادر عه‌بدوڵڵازاده‌، ناسراو به‌ قاله‌مه‌ڕه‌، بارودۆخی‌ جه‌سته‌یی‌ خراپه‌.
به‌ پێی‌ هه‌واڵی‌ ناوه‌ندی‌ خه‌به‌ریی‌ PDKI، ئێواره‌ی‌ 28ی‌ خاكه‌لێوه‌، قاله‌مه‌ڕه‌ له‌ ماڵه‌كه‌ی‌ له‌ بۆكاندا تووشی‌ ته‌نگیی‌ هه‌ناسه‌ هات‌و بنه‌ماڵه‌كه‌ی‌ خێرا بۆ نه‌خۆشخانه‌ به‌ڕێیان كرد.
قاله‌مه‌ڕه‌ بۆ ماوه‌ی‌ چه‌ند كاتژمێر بێهۆش بووه‌‌و به‌م هۆیه‌وه‌ بۆ به‌شی‌ CCU به‌ڕێ‌ كراوه‌.
به‌ وته‌ی‌ پزیشكان، قاله‌مه‌ڕه‌ تووشی‌ نه‌خۆشیی‌ ئاوهێنانی‌ سی‌ په‌لاك بووه‌. هه‌نووكه‌ قاله‌مه‌ڕه‌ بارودۆخی‌ به‌هۆی‌ چاودێریی‌ پزیشكییه‌وه‌ تاڕاده‌یه‌ك باشتر بووه‌. كورته‌یه‌ك له‌ به‌سه‌رهاتی‌ قاله‌مه‌ڕه‌ كه‌ له‌ ماڵپه‌ڕی‌ "مامه‌قاله‌مه‌ڕه‌"دا هاتووه‌، بریتییه‌ له‌: قادر عه‌بدوڵڵازاده‌ (قاله‌مه‌ڕه‌)، یه‌كه‌م شه‌وی‌  
زستانی‌ 1304ی‌ هه‌تاوی‌ له‌ گوندی‌ كولیجه‌ی‌ بۆكان له‌ دایك بوو. قاله‌مه‌ڕه‌، هونه‌رمه‌ندی‌ شمشاڵژه‌ن، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای‌ منداڵییه‌وه‌ به‌هۆی‌ بیستنی‌ ده‌نگی‌ شمشاڵی‌ باوك‌و مامه‌كانیه‌وه‌، حه‌زی‌ بۆ شمشاڵ‌ ده‌رده‌كه‌وێت.
قاله‌مه‌ڕه‌ هه‌تا ته‌مه‌نی‌ 74 ساڵی‌ ژیانی‌ هاوبه‌شی‌ پێك نه‌هێنا‌و هه‌موو خۆشه‌ویستیی‌ ژیانی‌ له‌ شمشماڵ‌ژه‌نین‌و گێڕانه‌وه‌ی‌ چیرۆكی‌ ژیانی‌ گه‌له‌كه‌ی‌ دیتۆته‌وه‌.
به‌رهه‌مه‌كانی‌ قاله‌مه‌ڕه‌ لای‌ خۆی‌ پارێزراون كه‌ له‌ بواره‌كانی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌‌و خۆشه‌ویستی‌‌و هتددا، ئاوازی‌ هه‌بووه‌‌و شمشاڵی‌ ژه‌نیوه‌. چیرۆكی‌ شمشاڵی‌ قاله‌مه‌ڕه‌ هه‌م شیرین‌و هه‌م دڵته‌زێنه‌.
قاله‌مه‌ڕه‌ هه‌م ئاوازه‌ كۆنه‌كان‌و هه‌م ئاوازی‌ نوێی‌ هه‌یه‌‌و بۆخۆی‌ ناویان بۆ دیاری‌ ده‌كات. قاله‌مه‌ڕه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ زیندووی‌ مۆسیقا، فولكلۆر‌و ره‌سه‌نایه‌تیی‌ كورده‌. ناوبراو ماوه‌ی‌ 77 ساڵه‌ شمشماڵ‌ ده‌ژه‌نێت.
هه‌رچه‌ند پزیشكان پێیان وتووه‌ كه‌ ژه‌نینی‌ شمشماڵ‌ به‌هۆی‌ نه‌خۆشیی‌ ته‌نگیی‌ هه‌ناسه‌یه‌وه‌ زه‌ره‌ری‌ بۆی‌ هه‌یه‌‌و ده‌بێت شمشاڵ‌ نه‌ژه‌نێت، به‌ڵام قاله‌مه‌ڕه‌ ده‌ڵێت كه‌ له‌گه‌ڵ‌ شمشماڵه‌كه‌ی‌ گه‌وره‌ بووه‌‌و ناتوانێت له‌ خۆی‌ دووری‌ بخاته‌وه‌. قاله‌مه‌ڕه‌ به‌ گوێگرتن‌و دیتن، سه‌دان به‌یت، حه‌یران، به‌سه‌رهات، سه‌ربورده‌‌و گۆرانی‌ فێر بووه‌.
قاله‌مه‌ڕه‌ مرۆڤێكی‌ نیشتمانپه‌روه‌ره‌‌و ئازاره‌كانی‌ نه‌ته‌وه‌كه‌ی‌ ئازاری‌ ده‌دات‌و هه‌ستی‌ نیشتمانیی‌ خۆی‌ هه‌موو كات له‌ رێگای‌ شمشاڵه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌ربڕیوه‌.



Copyright 2007 ©  by ZAGROS .all rights reserved